هەموو شتێك لە بارەی هەڵبژاردنە گرنگەکەی ئەڵمانیاوە

ليست هناك تعليقات


 رۆژی 23ـی شوبات دەنگدەرانی ئەڵمانیا بڕیار لەسەر حکومەتی داهاتووی وڵاتەکەیان دەدەن، ئەمە لەکاتێکدایە پارتی کریستیان دیموکرات بە سەرۆکایەتیی فرێدریک مێرتز پاڵێوراوی یەکەمی هەڵبژاردنەکەیە و چاوەڕێ دەکرێت دەنگی زۆر بەدەستبهێنێت.

جڵەوگرتنی کۆچ و کۆچبەران و بووژاندنەوەی گەورەترین ئابووریی ئەورووپا دوو مژاری گەرمی ئەم هەڵبژاردنەی ئەڵمانیان؛ کە سەرچاوەکەی بۆ داڕووخانی هاوپەیمانێتیی چەپی میانڕۆی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە، لە کۆتاییەکانی پار.
 
پێش ئەوەی پەرلەمانی داهاتووی ئەڵمانیا (بوندێستاگ) هەڵبژێردرێت، ئەو زانیارییانە بزانە.
 
ئەم هەڵبژاردنە بۆچی گرنگە؟
 
هەڵبژاردنەکە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا بەدەست چەند هێرشێکی کوشندەی پەناخوازانەوە گیری خواردووە، گوشار لەسەر حکومەت و پارتەکان بۆ زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی کۆچبەران و پێدانی مافی پەنابەری زیادبووە.
 
هێشتا ئەڵمانییەکان لە چوار هێرشی پێشوو کە لە شارەکانی مانهایم، سۆلنگن، ماگدێبۆرگ و ئافشافێنبۆرگ روویاندا بەخۆ نەهاتبوونەوە؛ کەچی 10 رۆژ پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن، ئۆتۆمبێلێک لە شاری میونشن خۆی بە نێو خەڵکدا کرد و دایکێک و کچە دوو ساڵانەکەی بریندار بوون و دواتر گیانیان لەدەستدا. شوفێرەکەی کە ئێستا گیراوە، ئەفغانستانییە.
 
ئەم هێرشانە وایانکرد پشتگیریی بۆ پارتێک زیاد بێت کە تەنانەت حکومەتیش ترسی هاتنە سەر دەسەڵاتیانی هەیە؛ ئەویش پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیایە (AfD) کە پارتێکی دژە کۆچبەری، راستڕۆی تووندڕۆیە.
 
هەرچەندە هیچ پارتێکی سیاسیی ئەڵمانیا ئامادە نییە رێگەی پێبدات بێتە نێو حکومەت و وڵات بەڕێوەببات، بەڵام ئەگەر ئەوان بتوانن 20٪ـی دەنگی ئەڵمانییەکان دەستەبەر بکەن، ئەگەری هەیە ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی وڵاتەکە بکەنە دوو هێندە. پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 733 کورسی پێکدێت، ئێستا ژمارەی کورسییەکانی AfD بریتییە لە 76 دانە.
 
ئەڵمانیا گەورەترین ئابووریی ئەورووپایە، دوای دوو ساڵ لە پاشەکشە و کورتهێنان، ئێستا ئەرکە قورسەکە لەسەر حکومەتی داهاتووە بیبووژێنێتەوە و پیشەسازییەکەی بژیێنتەوە. نرخی بەرزی سووتەمەنی و وزە، هەروەها پێشبڕکێی بازاڕی چینی، ئابووریی ئەڵمانیایان سزادا.
 
هەر ئەڵمانییەک تەمەنی 18 و زیاتر بێت، لە کاژێر 8:00 بەیانی بۆ 6:00 ئێوارە لە 23ـی مانگ بۆی هەیە دەنگ بدات.
 
گرەوی گەورە لەسەر راوێژکاری ئەڵمانیایە، کە وەکو سەرۆکوەزیرانە. پێنج کەس بەربژێری پۆستەکەن.
 
هەر پارتێک زۆرترین دەنگی هێنا، بە رێککەوتن لەگەڵ پارتێک یان دووانی دیکە دەتوانێت هاوپەیمانێتییەک پێکبهێنێت. بەشێوەیەکی نەریتی، سەرکردەی هاوپەیمانێتییەکە وەک راوێژکاری وڵات بەربژێر دەکرێت و پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات.
 
پێنج بەربژێرەکە کێن؟
فرێدریک مێرتز 

فرێدریک مێرتز

تاوەکو ئێستا ئەوەی لە پێشەوەی پێشبڕکێکە دەبینرێت فرێدریک مێرتزە، کە پارتەکەی ئەو، کریستیان دیموکرات CDU، بە 10 خاڵ لە پێشەوەی راپرسییەکانن. پارتی سۆشیاڵ کریستیان CSU هاوپەیمانی پارتی کریستیان دیموکراتە و لە هەرێمی باڤاریایە، لە راپرسییەکان ناویان بە CDU/CSU دەنووسرێت.
 
مێرتز تەمەنی 69 ساڵە و بازرگانە، لە ساڵی 2002 وازی لە سیاسەت هێنا و وەبەرهێنانی لە کەرتی بانکدا دەکرد، چەند ساڵێکیش فڕۆکەوان بوو. دوو جار هەوڵیدا ببێتە سەرۆکی پارتەکە و شکستی هێنا، جارێک بەرامبەر ئەنجێلا مێرکل لە 2018 و جارێکیش بەرامبەر ئارمین لاشێت لە 2021.
 
ئێستا مێرتز بە دروشمی (ئەڵمانیایەک کە بتوانین دووبارە شانازی پێوەبکەین) سەرکردایەتیی پارتەکەی دەکات.
 
مێرتز بەڵێنیداوە سنوور بەتەواوی کۆنتڕۆڵبکات و یاسای کۆچ و پەناخوازی تووندب کات، هەروەها باج کەمبکاتەوە و 50 ملیار یۆرۆش بۆ ئابووریی ئەڵمانیا بگەڕێنێتەوە. بەڵێنیشیداوە یارمەتییەکانی ئۆکراینا زیاد بکات.
 
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر مێرتز بوومەلەرزەیەکی سیاسیی لەنێو پەرلەماندا دروستکرد و رایگەیاند، لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کار لەسەر کەمکردنەوە و نەهێشتنی کۆچبەری دەکەن، دووچاری ناڕەزایەتییەکی زۆر بووەوە و لە هەوڵەکەشی شکستی هێنا.
 
ئۆلاف شۆڵتز

ئۆلاف شۆڵتز
نزیکەی سێ ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیایە و لە پارتی سۆشیاڵ دیموکرات (SPD)ـیە. بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزی زۆر و نەمانی متمانەی ئابووریی وڵاتەکەی، هاوپەیمانێتییەکەی هەڵوەشایەوە و لە ئەڵمانیا هەڵبژاردنی پێشوەختە راگەیێنرا.
 
یەکێک لە گورزە بەهێزەکانی ئابووریی ئەڵمانیا، هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بوو لە 2022. ئەڵمانیا بووە گەورەترین هاوکاری ئۆکراینا لە ئەورووپا. شۆڵتز باسی "خاڵی وەرچەرخان"ـی دەکرد لە سیاسەتی بەرگریی ئەڵمانیا و بودجەی سەربازیی وڵاتەکەی، بەڵام رەخنەی ئەوەی لێگیرا کە هەنگاوی زۆر خاوی ناوە. ئەو ئێستا بەڵێنی ئەوەی داوە، "تاوەکو ئەوەندەی پێویست بێت" یارمەتیی ئۆکراینا دەدات و "ئاشتیی زۆرەملێ و سەپێنراو" رەتدەکاتەوە.
 
شۆڵتز پشتگیریی لە زوو دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازە دەکاتە کە داواکارییەکانیان رەتکراونەتەوە، حکومەتەکەشی یاسای تووندتریان بۆ سنوور داناوە و لە ساڵێکدا رێژەی پێدانی مافی پەنابەرێتییان بۆ یەک لەسەر سێ کەمکردووەتەوە.
 
پارتەکەی شۆڵتز چاوی لەوەیە پڕۆژەی "پارەدارکردنی ئەڵمانیا" جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی پەرە بە وەبەرهێنان بدەن و کەمترین مووچە بۆ هەر کاژێرێک لە 12.82 یۆرۆ بۆ 15 یۆرۆ بەرزبکەنەوە.
 
زۆربەی ئەندامانی پارتەکەی لەگەڵ دووبارە خۆ بەربژێرکردنەوەی ئەو نەبوون، پێیان باشبوو بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا خۆی بەربژێر کردبا.
 
ئالیس وایدل

ئالیس وایدل
تەمەنی 46 ساڵە و لەوکاتەوەی پارتی AfD لە 2013 دامەزراوە، ئەمە یەکەم بەربژێریانە بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا. ئەو لەلایەن ئیلۆن مەسک، گەورە ملیاردێری ئەمریکا و هاوڕێی دۆناڵد ترەمپەوە پشتگیریی دەکرێت. 
 
لەلایەکی دیکە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ وایدل کۆبووەوە.
 
هەرچەندە بەگوێرەی راپرسییەکان، وایدل دەرفەتی بردنەوەی زۆر کەمە، بەڵام بووەتە دەنگێکی دیار لە ئەڵمانیا و دەنگدەرە گەنجەکان پشتی دەگرن.
 
وایدل پشتگیریی لە درووشمی "دووبارە کۆچکردن" دەکات، کە بریتییە لە دیپۆرتکردنەوەی "تاوانباران و پەناخوازانی نایاسایی" لە ئەڵمانیا، هەروەک خۆی وەسفی دەکات.
 
ئەو هەروەها دەیەوێت سزاکانی سەر رووسیا هەڵگرێت، ئەو هەروەها دەیەوێت تۆرباینە هەواییەکانی وڵاتەکەی لابەرێت و بە "شەرمەزاری" وەسفیان دەکات، هەرچەندە تۆرباینەکان یەک لەسەر چواری کارەبای وڵاتەکە دابین دەکەن.
 
رۆبەرت هابێک

رۆبەرت هابێک

 
جێگری راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیری کاروباری ئابوورییە؛ لە پارتی سەوزەکانە و لە حکومەتی ئەڵمانیادا هاوپەیمانیی پارتەکەی شۆڵتزە. 
 
رۆبەرت دەیەوێت سووتەمەنی بەبەردبوو لە وڵاتەکە نەهێڵێت. رەتیشیدەکاتەوە بەهیچ جۆرێک روو لە وزەی ئەتۆم بکرێتەوە و داوای کردووە کار لەسەر وزەی خاوێن و نوێبووەوە بکرێت، کە تاوەکو ساڵی رابردوو 63.4٪ـی کارەبای ئەڵمانیای دابین دەکرد.
 
هابێکی 55 ساڵ پشتگیریی لە ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکراینا دەکات و رەخنەی لە مێرتز گرت کە هەوڵیدا کار لەگەڵ AfD بکات و گوتی: "شیاوی راوێژکاری نییە."

سارا ڤاگنکنێشت

سارا ڤاگنکنێشت

 
لە کانوونی دووەمی 2024ـەوە لە چەپەکان جیا بووەوە، هاوپەیمانێتییەکی بەناوی خۆی پێکهێنا و بە BSW دەناسرێت. 
 
پشتگیریی لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ رووسیا دەکات و خۆی وەک جێگرەوەیەک بۆ پارتی AfD دەبینێت، پشتگیری لە سنووردارکردنی کۆچبەری دەکات. نایەوێت ئەڵمانیا یارمەتیی سەربازیی ئۆکراینا بدات.
 
دەنگدان چۆنە؟
دەنگدان بۆ پەرلەمان هەموو چوار ساڵ جارێکە، دەبوو ئەو خولەی دەنگدان لە 28-09-2025 بەڕێوەچووبا. ئەوانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ زیاترە دەتوانن دوو دەنگ بدەن، یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانە کە لە 299 بازنەی هەڵبژاردنەوە خۆیان بەربژێر کردووە. هەر پارتێک لەو 299 بازنەیە، سێ بازنە بباتەوە، رێگەی چوونە پەرلەمانی بۆ دەکرێتەوە.
 
دووەم دەنگیش بۆ هەڵبژاردنی پارتێکی سیاسییە لە یەكێک لە 16 هەرێمەکەی ئەڵمانیا. هەر پارتێک 5٪ بباتەوە، رێگەی پێدەدرێت بچێتە پەرلەمان و ئەندامەکانیان بەربژێر بکەن.
 
لە خولی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا چیدیکە پەرلەمان 733 کورسی نییە بەڵکو بووەتە 630 کورسی و نزیکەی 100 کورسی کەمبووەتەوە. 
 
کام پارت حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا پێکدەهێنێت؟
 
پاڵێوراوی سەرەکی هاوپەیمانێتی CDU/CSUـە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کار لەگەڵ AfD ناکەن، دەنگیان کەمتر دەکات. ئەمەش واتا پێویستیان بە پارتی سەوز و SPD دەبێت.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان: هاوپەیمانێتی CDU/CSU 30.2٪؛ جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 20.7٪؛ سۆشیاڵ دیموکرات 15.4٪؛ سەوزەکان 13.5٪؛ چەپ 5.8٪؛ پارتی دیموکراتی ئازاد FDP 4.1٪؛ پارتی BSW 4.5٪ و پارتەکانی دیکەش 5.8٪ بەدەستدەهێنن.

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif