دێگەڵە و شکاندنی بتەکان

ليست هناك تعليقات

 


میران طالب حمەفرج 

 "مامۆستایان سومبولی بەرخودان و کۆڵنەدانن " ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەمڕۆ ئەنجامیاندا لە سی ساڵی دەسەڵاتی کوردیدا وێنەی نەبووە. مامۆستایان ئەمڕۆ توانیان سنورە دەستکردەکان بشکێنن. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماورییە گرنگە و دەبێت پەرەی پێبدرێت. ڕووداوی ئەمڕۆی دێگەڵە ڕوخساری درۆزنانەی حزبی کوردی هەڵماڵی.

 ئیدی کۆی پارتە سیاسییەکان لە کوردستان زیادەن و بارن بەسەر خەڵکی کوردستانەوە. ئەم هەموو پارتە بەناو لە هەولێردا هەزاران هەواداریان هەیە، گەر سەرکردایەتییەکانیان ئازایاتی ئەوەیان تێدا بوایە بهاتنایەتە سەر شەقام، بە دڵنیایی هەنگاوی گەورە دەنرا، بەڵام بەداخەوە ئەوەیان نەکرد! 

ڕووداوی ئەمڕۆی دێگەڵە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە پەرلەمان دامەزراوەیەکی زیادەیە و خەباتی پەرلەمانی پرسیاری لەسەرە. کە دەمانوت هەڵبژاردن سودی نییە زۆر بوون ئەوانەی کە پێیان وابوو کە ئێمە نائومێدی بڵاو دەکەینەوە. ڕووداوی دێگەڵە پێیوتین کە پارتی تەنازولی گەورەی کردووە،. لانی کەم پارتی جورئەتی ئەوەی نەکرد وەک ١٧ ی شوبات چەک بەکار بێنێت. گۆڕینی ئاراستە لە چەکەوە بۆ گازی فرمێسکڕێژ سەلمێنەری ئەوەیە ئەگەر جەماوەر بە هێزێکی زۆرەوە بێتە سەر شەقام ئەوا تەنازولی گەورە بە دەسەڵات دەکرێت. ئەگەر سەرۆک پەرلەمانەکەی گۆڕان پردێی جێنەهێشتایە و گۆڕانی ئەو کاتە بە هێزی خۆیەوە سنوری پردێی بشکاندایە، ئیستا مامۆستایان لە دێگەڵە باشتر دەچوونە پێش. ئەم دۆخە پێویستی بە کۆدەنگییەکی گەورە هەیە لەنێو ئینسانە خۆنەویست و ئازاکاندا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان.

 ڕوداوی دێگەڵە پێمان دەڵێت کە ئەگەر ئەو ڕێکخستە کارامەیە لە کۆی ناوچەکانی هەرێم دروست بوایە، ئیستا پێویستمان بە مزایەدەی پارلەمانیاری بەر کامێراکان نەبوو کە بە تاقی تەنیا بێ هێزەکەی و بێ سەرۆکەکانیان بێنە ناو خۆپیشاندانەکان و تەنها بڵێن لەگەڵتانین. ڕووداوی ئەمڕۆی دێگەڵە پێی وتین: بەخێربێن بۆ سەردەمێکی تر، بۆ ئازایەتییەکی تر و بۆ مەردایەتییەکی ترو شکاندنی بتەبودەڵەکانی دەسەڵات .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif