ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بە کوێ؟

ليست هناك تعليقات

هادی حمەڕەشید
-
یەکەم: موحەممەد جەواد زەریف لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسی ئەمساڵ، کە لە ٢٠-٢٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، لە گفتوگۆی لەگەڵ تەلەفزیۆنی cnnدا، وەڵامی پرسیارێکی ئامادەی ناو عەقڵی هەمووان ئەداتەوە.

پێشکەشکارەکە بە بڕوابەخۆبوونەوە لێیئەپرسێت؛ ئایا ئێستا لاوازترین کاتی ئێران نییە؟ لە سووریا پاش موراهەنەکردنێکی زۆر و بەخەرجدانی سامان و چەکێکی زۆر، دواجار ئەسەد کەوت. لە لوبنان سەری حیزبوڵڵا لێکرایەوە و هێزەکەی لەناوبرا. لە فەلەستین کە حە*ما*س پڕۆکستان بوو، ئەویش زۆربەی سەرکردایەتییەکەی بە ئامانج گیرا و ژێرخانی سەربازییەکەی لەبن هێنرا. بیرۆکەی(بەرەی موقاوەمە) بە هەموو بەش و باڵەکانییەوە لەناوبران، هەموو گرووپە میلیشیاکان و کارەکتەرە نادەوڵەتییەکان کە ڕووبەڕووی ئیسـ*را*ئیل بووبوونەوە، ستۆك کران… هەموو ئەمانە پێمانئەڵێ(ئێران لاوازترین کاتەکانی ئەگوزەرێنێت) ئایا هاوڕایت لەگەڵم؟ جەواد زەریفیش دیسان بە باوەڕبەخۆبوونەوە ئەڵێ: لەبەرئەوەی کاتی زۆرم نییە لێگەڕێ با دوو خاڵت بۆ باس بکەم؛ ١/ئەگەر لە بیرت بێت ساڵی ١٩٨٢ شارۆن لوبنانی داگیرکرد، ئەمە پاڵیپێوەنا کە بچێتە بەیرووتەوە بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی فەلەستینی بە شێوەی ڕیشەیی، ئینجا یاسر عەرەفاتیان دوورخستەوە بۆ مەنفا(بۆ تونس) باشە پاشتر چی ڕوویدا؟

 لە نێوان ساڵانی١٩٨١ بۆ ١٩٨٧ ، بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە ١٩٨١ لە دایک بوو، حیزبوڵڵا لە ١٩٨٢ لەدایک بوو، لە١٩٨٥بۆ١٩٨٧یش حەرەکەی حە*ما*س دروست بوون. بۆیە ئێمە ئامۆژگاریی هەمووان ئەکەین کە شاگەشکە نەبن بە لەناوبردنی حە*ما*س و حیزبوڵڵا و دەست کورتکردنەوەی ئێران و لاوازبوونی بەرەی موقاوەمە، چونکە تا داگیرکاریی هەبێت، بەرەنگارییش بەردەوام ئەبێت. ٢/ بگەڕێرەوە بۆ ساڵانی ١٩٨١ و ١٩٨٢ و ئینجا وەرەوە بۆ ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ تەنیا یەك نموونەم بدەرێ کە ئەم بەرەیە(موقاوەمە) بریکاری ئێران بووبێت؟! ئەوان خۆیان دۆزیان هەبووە، فەرمانی ئێمەیان جێبەجێ نەکردووە. ئێمە ئاگامان لە ٧ی ئۆکتۆبەر(زریانی ئەقسا) نەبوو، ڕاستتر ئەوەبوو ئێمە ئەمانویست لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆببینەوە لەبارەی نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی لە ٩ی ئۆکتۆبەردا، بەو هۆیەوە شێوا و تێکچوو! هێشتا جەوادزەریف لە داڤۆس بوو کە ڕای گشتیی سیاسییەکانی ئێران بە(پارێزکاران و ڕیفۆڕمیستەکانیشەوە) لێی توڕە بوون، ئەمینداری ئەنجوومەنی فەرمان بە چاکە(الأمر بالمعروف) داوای دەستگیرکردنی کرد، ڕاستە وا پیشاندرا کە لەبارەی باڵاپۆشیی ژنان و ئازادیی جێندەریی بووە، بەڵام لە ڕاستییدا لە بارەی سەرنجە توندەکانی لەمەڕ(بەرەی موقاوەمە)و میلیشیا پڕۆکسییەکانەوە بوو.

 جەوادزەریف کە سیاسییەکی موخەزرەم و ستراتیجیستێکی وردە، تێڕوانینەکانی چەندە مایەی دوودڵین لای دەستەبژێری سیاسیی ئێران، واوەتر قسەی دڵی هەموو ئێرانییەکە کە ئەو سەرمایە هائیلە بۆچی بدرێت بە هێزی پڕۆکسی کە لە کاتی زۆر هەستیاردا سەرئێشەیان بۆ دروست بکات؟! تەنانەت خاڵی یەکەمی وەڵامەکەی بۆ دوورخستنەوەی بەڵا بوو، ئەگینا خۆی باش ئەزانێت دۆخە بابەتییەکانی چل ساڵ لەمەوبەر و ئێستا زۆر جیاوازن! بە زمانێکی دیپلۆماسیش ووتی:موقاوەمە هەر ئەمێنێت، بەڵام مەرج نییە بەم کەرەستەیەی ئێستاوە بێت. ئەگەر بۆ پڕگماتیکێتیی ئەمریکیی دروست بێت پشت کردن لە ئۆکراین و گورگانخواردکردنیان، ئەوا چەند بەرامبەر لە عەقڵی توقییەگەرای ئێراندا پشتکردن لە ئەسەد و حیزبوڵلا و حە*ما*س ئەگەرێکی هەمیشە ئامادەیە! دووەم: ئەو شاگەشکە بوونەی جیهانی ئیسلامیی بە بۆنەی ئاگربەستەوە، دەرکەوت دڵدارییەکی تاکلایەنە بوو، دەرکەوت ئیسـ*رائـ*یل کۆمەڵێك پانتایی جێئەهێڵێت بۆ نەیارەکانی کە تەنیا لەساتی دەستدرێژییەکانیدا شیوەن بگێڕن و خۆبڕننەوە، پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا پڕبکەن لە وێنەی تراژیدیی و مەرگئامێز، لەکاتی ئاگربەستیشدا هەندێ بای باڵیان بدەن و وەهمی سەرکەوتن بە ڕای گشتیی بفرۆشن، بۆ خۆیشی لە هەوڵی بە سەنتەرکردنی(تەلئەڤیڤ)و فراوانکردنی جوگرافیاکەیدایە! لەم نێوەندەشدا پابەندی هیچ پەیماننامەیەکی ناودەوڵەتیی نابێت و بچووکترین مۆراڵی جەنگیش ڕەچاو ناکات! سێیەم: ئەوەی لە ئەستەمبوڵ ڕووئەدات، ئەگەر تەنیا ویستی شێتانەی ئۆردۆگان بێت بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا و ئەبەدییکردنی پێگەکەی و گۆڕینی سیستمەکە بە بەری خۆی، ئەوا ڕەنگە بۆی بچێتە سەر، چونکە دۆخەکە زیاتر لە پلانێکی گەورەتر ئەچێت.
 
بەگوێرەی داتا و زانیارییەکان؛تورکیا لە ماوەی یەك حەوتەدا ٦۷ملیار دۆلار زیانی ماڵیی بەرکەوتووە و مایەی زیادبوونیشە، هەر وەك ئەووترێت پاشەکشەیەکی خێرا لەلایەن کۆمپانیا و بیسنزمانانی بیانیی دەستی پێکردووە و لە ەڤدە ساڵی ڕابردوودا لیرەی ئەو وڵاتە هێندەی ئێستا هاڕەی نەکردووە! ڕاستە خواستی مانەوەی دەسەڵاتداران هەمیشە بە نابودبوونی ئابووریی وڵات باجەکەی دراوە، بەڵام هێشتا ئەهوەنترە بۆ تورکیا و ئۆردۆگان کە ئەگەر نە کەوتنە ناو فۆڕمۆل و هاوکێشەکانی جیهانە نوێیەکەی دوای ترەمپ. دەستبردن بۆ ئیمامئۆگڵۆ لەم دۆخە نالەبارەدا، یان زۆر گرەنتیکراوە بۆ ئۆردۆگان، یان کلیلی لەناوچوونیەتی، هێڵ و گریمانەی سێیەم لە گۆڕێ نییە! چوارەم: میدیا جیهانییەکان لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا باسیان لە(ئابڕوچوونێکی ئەمنیی)کرد لە ئەمریکا، کاتێك کە کاربەدەستانی پەنتاگۆن گفتوگۆی داگیرکردنی(یەمەن)ـیان کردووە، گوایە کە هاوشانی(مایکڵ واڵتز)ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی، (جیفری گوڵدبەرگ)ـیش کە سەرنووسەری گۆڤاری(ذی ئەتلەنتیك)ـە لە چاتگرووپێکی پەنتاگۆندا بەشداریی پێکراوە و لەو ڕوومەدا گفتوگۆی وەشاندنی گورزی سەربازیی لە هێزەکانی ئەنساروڵڵای حوسییەکان کراوە.

 ئەمە هەرچیی بێت، نە ئابڕووچوونە و نە دزەکردنی زانیارییە، بەقەدەر ئەوەی کە خستنەبازاڕ و چێککردنی هەڵوێستی لایەنە پەیوەستەکانە بەو پرسەوە، ڕاستە لە ڕووی ئاسمانییەوە گورزی گەورە لە هێزە حوسییەکان وەشێنراوە، بەڵام چالاکترین و کاریگەرترین گرووپی بەرەی موقاوەمەن کە ماون و تەحەددا ئەکەن، لە دیمەنە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەشاز و نامۆن بۆ نەخشەداڕێژەرەکان! پێنجەم: عەرەبستانی سعودیی وەك براوەترین(أهل الدار)دەرئەکەوێت، بەو پێیەی ماڵی زۆربەی دەوڵەتە دیارەکانی ناوچەکە پڕ لە ئاریشە و قەیرانە، بەڵام ئەو بووە بە لانەیەك بۆ جێکەوتکردنی خواستەکانی ئەمریکا و ترەمپ لە ناوچەکەدا. کۆبوونەوەی هەر سێ لایەنی (ئەمریکا و ڕووسیا و ئۆکرانیا) لە ڕیازی پایتەختی ئەو وڵاتە ناکرێت نادیدە بگیرێت. بە پێچەوانەی زۆرێک لە تێڕوانینەکانەوە کە تورکیا بە مەرجەعی سوریای نوێ و ئەحمەد شەرع ئەزانن،ئەرگیۆمێنتێك هەیە کە جۆلانیی بە کوڕی شەرعیی سعودیە و هێڵە بیرکردنەوە ئەمنییە ئەمریکیی_ئیسـ*رائـ*یلییەکە ئەزانێت! موحەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە، بە جوڵە و پەلهاویشتنە ئەمنیی و ئابووریی و دیپلۆماسیی و فەرهەنگیی و لەسەروو هەموویەوە(ئاینیی)ـیەکانی ناکرێت وەك ڕێکەوت سەیر بکرێت، بەتایبەتیی دەستبردن بۆ هەندێ پرسی ئاینیی(تابۆ) کە زیاتر لە دوو سەد و هەشتا ساڵە بە(پەیماننامەی دەرعیە) لە نێوان(موحەممەد بن سعود و موحەممەد بن عەبدولوەهاب)ـدا ڕێکخراوە و بووە بە سوونەتێکی سیاسیی و ئاینیی لەو وڵاتەدا. ئێستا ئەم شازادەیە دەست بۆ کۆمەڵێك پرسی یاساغ ئەبات و بەخێراییش بۆی ئەچێتە سەر، بەتایبەتیی(وەك ئەوترێت) دەستبردن بۆ ڕۆژوو کە یەکێکە لە پەرستشە دیارەکان و بە دەقی قورئانییش فۆڕمەکەی دیارییکراوە! ئەمەوێت بڵێم عەقڵی کوردیی، تەنیا سیاسییەکانی نین کە پاسیڤن لە ناوچەکەدا و بکەری گەورەی لەناو ئەم جەنجاڵییەدا نییە، بەڵکو کە لە دیمەنە گشتییەکە ئەڕوانین، توێژەرانی ئایینی و بەناو زانایانی(کە بە حساب پێگەیان لە دنیای ئیسلامدا هەیە!) دیسان سەرقاڵی سۆزگەرایی مەزهەبیی و بچووکتریین بەشداریی یەکلاکەرەوەیان لە پرسە ئاینییەکاندا نییە!



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif