سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ناتۆ زۆر بە تووندی وەڵامی هەر هێرشێکی دوژمن بۆ سەر پۆڵەندا یان هەر ئەندامێکی دیکەی هاوپەیمانییەکەیان دەداتەوە جا هێرشکارەکە رووسیا یان هەر وڵاتێکی دیکە بێت.
رۆژی چوارشەممە، 26ی ئاداری 2025، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی وارشۆی پایتەختی پۆڵەندای کرد و لەگەڵ دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەگەر هەر کەسێک لێکدانەوەی هەڵە بکات یان پێیوابێت دەتوانێت هێرشبکاتە سەر پۆڵەندا یان هەر هاوپەیمانێکی دیکە، ئەوا رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر تووندی ئەم هاوپەیمانییە بەهێزە دەبنەوە".
رووتە گوتی، "وەڵامەکەمان وێرانکەر دەبێت، ئەمە پێویستە بۆ ڤلادیمیر ڤلادیمیرۆڤیچ پووتین (ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا) و هەموو کەسێکی دیکە روون بێت کە دەیانەوێت هێرشمان بکەنە سەر".
ئەو گوتانەی رووتە لەکاتێکدایە ئەمریکا دەیەوێت بەزووترین کات کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت و وڵاتانی ئەورووپا تاوەکو رادەیەک بەشدارییەکی ئاشکرایان لەو گفتوگۆیانەدا نەبووە. ئەمەش هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی واشنتنی نیگەران کردووە.
لەو بارەیەوە تەسک گوتی، "با راستگۆبین، کاریگەریمان بەسەر ئەو گفتوگۆیانەوە سنووردارە". دەشڵێت، "وەکو ناتۆ و وەکو پۆڵەندا، پێویستە ئامادەیی زیاترمان بۆ هەموو سیناریۆیەک هەبێت".
ئەمڕۆ ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند، لە 10 ساڵی داهاتوودا 300 ملیار کرۆن (30 ملیار دۆلار) لە بەرگریدا خەرج دەکەن. بەمەش تاوەکو 2030 نزیکەی 3.5٪ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکەی بۆ ئەو بوارە تەرخان دەکات کە ئێستا 2.4٪ە.
سەرۆکوەزیرانی سوێد دەشڵێت، "دۆخێکی ئەمنیی نوێمان هەیە و نادڵنیاییەکانمان بەردەوام دەبن". جەختی لەوەش کردەوە، ئەو زیادکردنەی خەرجی بەرگرییە "گەورەترینە لە دوای جەنگی ساردەوە".
تاوەکو ئاداری 2024 سوێد بێلایەنی خۆی لەنێوان رووسیا و ناتۆدا پاراستبوو، بەڵام ئەو کات بە چەند هۆکارێک کە دیارترینیان جەنگی ئۆکراینا بوو، سوێد بووە ئەندامی ناتۆ.
سەرۆکوەزیرانی سوێد ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زیادکردنەی خەرجی سەربازییە "بەس نییە". گوتیشی، پێویستە لە ساڵانی داهاتوودا ئەندامانی ناتۆ بە تایبەت وڵاتە ئەورووپییەکانی نیو هاوپەیمانییەکە هەنگاوی زیاتر بنێن.
ساڵی 2020، وڵاتەکە پێنج ملیار و 330 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکردبوو، بۆ ئەم ساڵ 12 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە و پلانیشی هەیە تاوەکو ساڵی 2030 بیگەیێنێتە 16 ملیار و 570 ملیۆن دۆلار. واتا وڵاتەکە لە 11 ساڵدا بودجەی بەرگریی سێ هێندە زیاد دەکات.
هەروەها، سوێد پار 60 هەزار سەربازی هەبوو، ئەم ساڵ دەیەوێت 30 هەزار سەرباز زیاد بکات، ئەمە جگە لە هەبوونی 23 هەزار سەربازی یەدەگ.
رۆژی شەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2025، سوپای ئەڵمانیا پشتڕاستی کردەوە کە تاوەکو نیسانی ئەم ساڵ، یەکەیەکی سەربازیی نوێ بۆ پاراستنی ژێرخانە گرنگەکان و بنکە سەربازییەکان دروست دەکەن. لەکاتی جەنگدا یەکەکە ئەرکدار دەکرێن و بەشێک دەبن لە هێزەکانی ناوخۆ.
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ئەم هەنگاوەی وڵاتەکە بۆ ئەوەیە کە بتوانێت بۆ رووبەڕوووبوونەوەی مەترسییەکان؛ سەربازی زیاتر بنێرێتە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناتۆ.
بەرپرسانی سوپای ئەڵمانیا پێشبینی دەکەن نزیکەی شەش هەزار سەرباز لە یەکەکەدا بن.
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ئێستا سوپای وڵاتەکەیان خاوەنی 180 هەزار سەرباز و 80 هەزار کارمەندی سڤیلە، کە پزیشک، بەڕێوەبەر و یەکە ئیدارییەکان دەگرێتەوە. هەروەها، ئەڵمانیا پێویستی بە 75 هەزار سەربازی دیکەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان ئامادە بکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق